بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: بزووتنەوەکەیان بەردەوام دەبێت لە حوکمڕانی کەرتی غەززە تا ئەو کاتەی لەسەر بەدیلێکی فەلەستینی ڕێککەوتن دەکرێت.
تاهر نونو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئاشکرای کرد، بزوتنەوەی حەماس ڕازی بوە بە پێشنیاری میسر بۆ ڕادەستکردنی ئیدارەی غەززە بە "لیژنەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی" کە لە تەکنۆکراتە سەربەخۆکان پێکهاتووە.
ئەو سەرکردەیەی حەماس ئاماژەی بەوەشدا، حەماس ڕازییە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتویی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە، بەڵام بزوتنەوەی فەتح کە گروپی سەرەکییە لە دەسەڵاتی فەلەستین کە کەرتی ڕۆژئاوا بەڕێوە دەبات، هەردوو بیرۆکەکەیان ڕەتکردوەتەوە.
نونو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی، تا یەکێک لەم دو بژاردەیە قبوڵ بکرێت، هیچ بۆشایییەک دروست نابێت و حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی حەماس بەرپرسیارێتی کەرتی غەزە دەگرێتە ئەستۆ و وەک ئەوەی لە ئێستادا هەیە ئەو ناوچەیە بەڕێوەدەبات.