ئەو پێنج کەسەی کە بە تۆمەتی کوشتنی سەلوان مۆمیکا دەستگیرکرابوون لە لایەن دادگای سویدەوە ئازاد کران.
ئەمرۆ هەینی دادگای سوید، بڕیاری دا بە ئازادکردنی ئەو پێنج کەسەی کە بە تۆمەتی کووشتنی سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی، دەستگیر کرابوون و هۆکارەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەک نەبووە تا تاوانەکەیان بسەلمێنێت.
ڕاسمس ئۆمان، داواکاری گشتی سوید، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت" هیچ بەڵگەیەک نییە بیسلەمێنێت کە ئەو پێنج کەسە تاوانەکەیان ئەنجام دابێت، لەمەودوا هیچ هۆکارێک بۆ بەندکردنیان نییە و ئیدی ئازادن و لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوشتنی پەنابەرە عێراقییەکە بەردەوامن"
لای خۆشیەوە ئۆلف کریستێرشۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕایگەیاند" پێم وایە هێزێکی دەرەکی لە پشت کوشتنی مۆمیکاوەیە."
رۆژی پێنج شەممە میدیای سویدی بڵاویکردەوە کە سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن ٣٨ ساڵ، لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژراوە.
مۆمیکا ساڵی ٢٠١٨ چووەتە سوید و ساڵی ٢٠٢١ مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی ٢٠٢٣ کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.