سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکات، هەروەها دەشڵێت" وڵاتەکەی ئێران بە لایەنگرێکی بەهێز دەزانێت".
مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تاران ڕایگەیاند" داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەین ناکۆکی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکات".
مەشهەدانی وتیشی" عێراق وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێران و پێویستە لە یەک هێڵدا بوەستین و شانبەشانی یەکتر بڕۆین پێکەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و بیروباوەڕەکانمان".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند" عێراق کۆماری ئیسلامی ئێران بە پاڵپشتییەکی زۆر بەهێز دەزانێت، بەتایبەتی لە کاتی هێرشی داعشدا".
دوێنێ مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.