ترەمپ سزاکانی بەرامبەر بە ئێران قوورستر دەکاتەوە

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریكا ژمارەیەك بڕیاری دەرکرد كە یەكێك لەوانە تایبەتە بە رێنمایی نوێ سەربارەت بە بێبەشکردنی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەدەستهێنانی سەرجەم هۆكار و ئامزارەكانی چەکی ئەتۆمی.

بەپێی ئەو بڕیارەی كە ترەمپ واژۆی کردووە گەڕاندنەوەی ئەمەریكایە بۆ سیاسەتی توند كردنەوەی سزاكان و زیاتر فشار خستنە سەر بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران.

فەرمانەكە ئاڕاستەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەكرێت كە مەبەست لێی سەپاندن و توندکردنەوەی سزا ئابورییەکانە بەسەر ئێراندا، ئەوەش بەئامانجی رێگریکردن لە دەستگەیشتنی ئێران بۆ رێگاکانی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

بەشێكی دیكە لە سزاكانی سەر كۆماری ئێران، هاوكاریكردنی نێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و وەزارەتی گەنجینەیە بۆ جێبەجێكردنی كەمكردنەوە و رێگریكردن لە هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتە تا ئاستی سفر.

هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوشکردووە کە ئەگەر بێتوو ئێران دەستی لە "تیرۆرکردنی " ئەو هەبووبێت، بەدڵنیایەوە کۆماری ئیسلامی دەرووخێنێت.



AM:12:04:05/02/2025