ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی غەززە بە جۆرێک لە پاکتاوکردنی نەژادیی وەسف دەکات و ڕایگەیاند: داوای لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات..
ئەل گرین، نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی تەکساس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی غەززە بە پاکتاوکردنی نەژادیی وەسف کرد و ڕاشیگەیاند: داوای لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات...
ئەل گرین باسی لەوەش کرد، پاکتاوکردنی نەژادیی، گاڵتەجار نییە بەتایبەت ئەگەر لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا بکرێت کە بەهێزترین کەسی جیهانە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەبێ شەرم بکات کە ڕێگەی بەو جۆرە لێدوانانە داوە.
ئەل گرین، جەختیشی کردەوە لەوەی، پاکتاوی نەژادیی و نەتەوەیی، تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە و وێرای ئیدانەکردنی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد کە نادادپەروەری لە غەززە، هەڕەشەیە بۆ سەر دادپەروەری لە ئەمریکا.
ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا ڕایگەیاندبوو غەززە وێرانبووە و پێویستە هاولاتیانی ئەو کەرتە بگوازرێنەوە بۆ میسیر و ئوردن.