ڕێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ هەینی هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و جەختی لەوە کردەوە کە" دانوستان لەگەڵ واشنتۆن زیرەک و ژیرانە و شەرەفمەندانە نییە".
عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی ڕایگەیاند" نابێت دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بکرێت".
وتیشی" دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کێشەکانی وڵات چارەسەر ناکات".
خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" دەبێت ئەو پرسە بە دروستی تێبگەین نابێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەگەر لەگەڵ ئەم حکومەتە (ئەمریکا) لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین، کێشەکان چارەسەر دەبن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" هیچ کێشەیەک بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر نابێت".
دەشڵێت" لە ساڵانی نەوەدەکاندا دانیشتین و دانوستانمان لەگەڵ ئەمەریکا کرد، پەیمانێک بەسترا کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند، بێگومان ئەوە بە تەنیا ئەمریکا نەبوو، چەند وڵاتێکی دیکەش هەبوون، بەڵام ئەمریکا بە پلەی یەکەم بوو".
ناوبراو هێمای بۆ ئەوە کرد کە" لەو پەیماننامەیەدا لایەنی ئێرانی زۆر بەخشندە بوو، تاران ئیمتیازاتی زۆری بۆ لایەنی بەرامبەر کرد، بەڵام ئەمریکییەکان خودی پەیماننامەکەیان جێبەجێ نەکرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی پێشووی ئەمریکا سزاکانی سەر تارانیان هەڵنەگرت.
خامنەیی لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت" ئەمە ئەزموونێکی ترە کە ئێمە ئیمتیازمان کرد، دانوستانمان کرد، گەیشتینە سازش، بەڵام نەمانتوانی ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین کە ئامانجمان بوو، لایەنی بەرامبەر هەمان ئەم پەیماننامەیەی لەناوبرد، پێشێلیکرد، لەبەرئەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا زیرەكانە و شەرەفمەندانە نییە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات نییە".