ئەمجارە سەرۆکی ئەمریکا باس لە کڕینی کەرتی غەزە دەکات، حەماسیش وەڵامی دەداتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند" پابەندم بە کڕینی غەززە و بەشێکیشی دەداتە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی بنیادی بنێنەوە".
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوەدەکاتەوە کە غەزە دەکاتە شوێنێکی نوێی پەرەپێدان و گرنگیش دەدات بە فەڵەستینییەکان بۆ ئەوەی نەکوژرێن.
ترەمپ دەشڵێت" غەزە شوینێکی عەقاریی نایابی هەیە و نابێت دەستبەرداری بین، غەزە بە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوەدانی دەکەینەوە".
ترەمپ ئەوەرشی خستەڕوو کە لە هەندێک حاڵەتی تاک و تایبەتدا ڕێ بە پەنابەرانی فەڵەستینی دەدەن بچێتە ئەمریکاوە و ئەگەر جێگرەوەیەکی باشیش بۆ فەڵەستینییەکان دابین بکەین ئەوا ناخوازن بگەڕێنەوە بۆ غەزە.
لای خۆشیەوە عیزەت ڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکای ئیدانە کرد و ڕایگەیاند" غەزە بەشێکی دانەبڕاوی فەڵەستینی داگیرکراوە و عەقارێک نییە کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت".