"متمانەمان بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە"

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا بەڵێنەکانی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ پێشێل کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ لێی کشایەوە". دەشڵێت" متمانەمان بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێستای ئەمریکا نییە". 

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمریکا پابەندییەکانی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا جێبەجێ نەکردووە و ئێمە متمانەمان بە دانوستان نییە، و دانوستان لە ژێر فشار و زۆرەملێدا قبوڵ ناکەین". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن بەڵێنەکانی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ پێشێلکردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ لێی کشایەوە،"بەوهۆیەوە متمانەمان بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێستای ئەمریکا نییە". 

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند" هیچ لایەنێکی بیانی مافی ئەوەی نییە دیکتاتۆری خۆی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت و شۆڕشی ئیسلامی لە ئێرانیش بۆ ئەوە دامەزرا کە هیچ لایەنێکی بیانی دیکتاتۆری خۆی بەسەر ئێمەدا نەسەپێنێت". 

عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئەمە ئەو سەربەخۆییەیە کە خەڵک داوای دەکەن و یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوای سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامیەوە، بنەمای بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێمە نە ڕۆژهەڵات بووە و نە ڕۆژئاوا، بە جۆرێک هیچ باڵوێزێکی دەرەکی ناوێرێت دەستوەردان لە کاروباری وڵات بکات و نە دیکتاتۆرییەکانی خۆی بەسەر بەرپرسانی ئێراندا بسەپێنێت". 



PM:04:08:10/02/2025