سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وردەکاری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی ڕاگەیاند کە بە وتەی خۆی ڕێککەوتنی لە خۆگرتووە بۆ دەستپێکردنی کارەکان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ شەڕی ئۆکرانیا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پرسی ئۆکرانیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، زیرەکی دەستکرد، بەهێزی دۆلار و چەندین بابەتی دیکەمان تاوتوێ کردووە".
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت" هەردووکمان بیرمان لە مێژووی گەورەی وڵاتەکانمان کردەوە، ئەو ڕاستییەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا پێکەوە بەو شێوەیە سەرکەوتووانە شەڕمان کرد، وە بیرمان هاتەوە کە ڕووسیا دەیان ملیۆن کەسی لەدەستدا، هەروەها زۆرمان لەدەستدا هەردووکمان باسمان لە خاڵە بەهێزەکانی وڵاتەکانمان کرد، و ئەو سوودە گەورەیەی کە ڕۆژێک دێت لە پێکەوە کارکردندا بەدەستی دەهێنین".
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی" سەرەتا هەردووکمان ڕێککەوتین، دەمانەوێت ئەو جەنگە بوەستێنین کە لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا ڕوویانداوە، کۆک بووین لەسەر ئەوەی لە نزیکەوە کاربکەین، لەنێویاندا سەردانی وڵاتانی یەکتر بکەین، هەروەها ڕێککەوتین کە تیمەکانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات، بۆ ئەوەی لە وردەکارییەکانی ئاگاداربکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕاسپاردووە، بۆ سەرکردایەتیکردنی دانوستانەکان و متمانەی خۆی بە سەرکەوتنەکانیان دەربڕی.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد: بە ملیۆنان کەس لە شەڕێکدا گیانیان لەدەستداوە کە ئەگەر سەرۆک بوایە ڕووی نەدەدا، بەڵام ڕوویدا، بۆیە دەبێت کۆتایی پێبێت.
لای خۆیەوە دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاندووە کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان کردووە و نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە.