میدیایەکی ئەمرێکی بڵاویکردەوە ئەگەری هەیە لە شەش مانگی داهاتوو ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، سەرۆکی ئێرانیش دەڵێت"تاران دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دروست دەکاتەوە ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر".
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی شوبات لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای بوشەهر وتی: "هەڕەشەمان لێدەکەن کە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز. وەرن هێرشی بکەنە سەر. ئەوەی کە بنکەکەی دروستکردووە، مێشکی منداڵەکانی ئێمەیە."
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەش کرد "ئەگەر ١٠٠ [دامەزراوەی ئەتۆمی] وێران بکەن، منداڵانمان هەزاریان دروست دەکەنەوە،" بێئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە راپۆرتەکانی میدیای ئەمریکا بکات.
رۆژنامەی واشنتن پۆست، رۆژی پێنجشەممە بە گەڕانەوە بۆ هەواڵگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٥ هەوڵی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنزی ئێران بدات."
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دوو بژاردەی هەیە کە هەردووکیان ئەمریکا تێیاندا بەشدار دەبێت لە رێگەی پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە، هەروەها کۆکردنەوەی هەواڵگری و چاودێری و پشکنین."