لە راگەیاندنی کۆنفرانسی پاریسدا جەختکرایەوە لە ژێر رۆشنایی بڕیاری ٢٢٤٥ ی ئەنجومەنی ئاسایشدا کاربکرێت و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بپارێزرێت و، پرۆسەی سیاسی بە بەشداری هەموان بەڕێوە بچێت.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " پێویستە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بە بەشداری هەموو لایەنەکانی وڵاتەکە بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ نوێنەرێکی کورد لە لیژنەی رێکخستنی دیالۆگەکەدا نییە و درووزەکانیش رەتیانکردووەتەوە بەشداری بکەن".
راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە بەشداربووان جەختیان لەوە کردووەتەوە نابێت دەستوەردان لە کاروباری سووریا بکرێت و نابێت سووریاش ببێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی. هەروەها، پێویستە حکومەتی راگوزەر پلانێکی ورد و دیاریکراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر ئەو بنەمایە دابنێت.
" پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو رێکارێک بۆ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ سوورییەکان بکات بە جۆرێک کە هاوکاربێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان. هەروەها، هەڵگرتنی سزاکانی سەر حکومەتی سووریاش کە لە دوای ساڵی ٢٠١١ ەوە لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێندرابوو بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو.( لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە).
لەو کۆنفرانسەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەسزاگەیاندنی ئەوانەی دەستیان بە خوێنی سووریەکان سوورە، کرایەوە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیکردنی تیمەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووانی وڵاتەکە.
لە کۆنفرانسەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە میانەی وتارێکدا وتی "ئێمە وەفامان هەیە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێکی بەنرخ بوون لە جەنگی دژی تیرۆر. ئێمە وەفادارین لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانمان چونکە دەزانین چۆن قەرزاریانین."
هەروەها وتیشی "هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون کە بە ئازایەتییەوە شان بە شانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕیان کرد."
ماکرۆن وتیشی " ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ کردی، کاتێک هێزەکانی لە چەند ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کشاندنەوە، لەلایەن فەرەنسا و ئەورووپاوە دووبارە ناکرێتەوە".
ماکرۆن هەر سەربارەت بە هەسەدە وتی "دەمەوێت لێرەدا پێتان بڵێم کە تێکەڵبوونی تەواوی ئەوان لە قۆناخی راگوزەری سووریادا، سەرەتا خزمەت بە ئامانجی ئاسایشی ئێوە دەکات، چونکە ئەوان شەڕکەری بەهێز و زۆرن. پێشموایە بەرپرسیارێتی ئێوە ئەمڕۆ ئەوەیە کە تێکەڵیان بکەن و رێگەشیان پێبدەن ببنە بەشێک لەو هێزانەی کە هەمان ئامانجیان هەیە، بۆ شەڕکردن دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی سەقامگیریتان تێکدەدەن، هەروەها بۆ پاراستنی سەروەریتان."