لە بارەی دۆخی سوریاوە بۆ یەکەمجارە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ روبیۆ و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆنفرانسی مویشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. لە لێدوانە فەرمییەکەی هەردوو وەزیردا باسی هەسەدە نەکراوە.
لە دوای کۆبوونەوەکەوە کە ئەمڕۆ ١٤ ی شوبات سازکرا، تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مارکۆ روبیۆ "جەختی لە پێویستیی هەبوونی پێکەوەکارکردن لە نزیکەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو کردوەتەوە".
وتەبێژی وەزارەتی ئەمەریکا دەشڵێت " لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر رێگەکانی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و بازرگانیی دووقۆڵی نێوانمان کردووە".
تامی برووس دەڵێت "وەزیر روبیۆ جەختی لە پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو کردەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا، تورکیا یان ناوچەکە".
لە بارەی کۆبوونەوەکەوە، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە " هەردوو وەزیر پەیوەندیی دوو قۆڵی، لەوانەش بازرگانیی نێوان لە بواری پیشەسازیی بەرگری تاوتوێکردووە".
ئەو ئاژانسە باس لەوەش دەکات، هاکان فیدان و مارکۆ روبیۆ دوایین پێشهاتەکانی دۆخی غەززە و رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان باسکردووە.
هەر بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێشهاتەکانی سووریا کراوە؛ هەروەها شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و ئەگەری ئاشتی لە نێوان هەردوولا تاوتوێکراوە.
"هاکان فیدان بۆچوون و هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەنگاوی وڵاتانی ناوچەکە لەبارەی داعش بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیاندووە".( میدیاکەی تورکیا و دەڵێت).
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر لەبەردەم لیژنەی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی سوریا و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و بە ئاشکرا داکۆکی لە کورد کردو دژی تورکیا قسەی کرد.