نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئێران لە سوریا ڕایدەگەیەنێت" ئێران و ڕووسیا ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق پەیوەندی دەکەن و پەیامی ئەرێنمان لە لایەنی سوریاوە پێگەیشتووە".
محەمەد رەزا شەیبانی نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری سوریا، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" تێڕوانینی تاران بۆ پێشهاتەكانی سوریا و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق، تێڕوانینێكی پێشوەختەیە بۆ داهاتوو".
جەختیشی لەوە کردەوە: تاران لە کاتی گونجاودا بڕیاری خۆی دەدات، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.
شەیبانی ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکانی سوریا بەشداربن لە دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتەکەدا، هەڵوێستی تاران بەرامبەر بە سوریا ڕوونە، و پێی وایە ئایندەی تاران دەبێت لە دەستی گەلەکەیدا بێت بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی.
نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سوریا ئەوەشی خستەڕوو: سەقامگیری و ئاسایشی سوریا بۆ ئێران گرنگییەکی تایبەتی هەیە، هەروەها هەرچەشنە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ئەم وڵاتە ڕەتدەکاتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە: ئێران و ڕوسیا بۆچوونیان هەیە لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە دۆخی سوریا.
شەیبانی باسی لەوەشکرد: ڕوانگەی ئێران بۆ پێشهاتەکانی سوریا و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا ئەرێنییە و بەرەو پێشەوە دەڕوات.
جەختیشیكردەوە: پەیامێكی نوێیان لە دیمەشقەوە پێگەیشتووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان.
ئێران هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا بوو و لە ئێستادا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەوڵی پاراستنی پەیوەندییەکانی لە سوریا دەدات.