ڕۆژی شەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٥ لە باشووری نەمسا پەنابەرێکی سووری هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاوڵاتی و بەهۆیەوە کوڕێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
پۆلیسی نەمسا دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە" لە شاری ڤیلاخ پەنابەرێکی سووری بە چەقۆ هێرشیکردووەتە سەر ژمارەیەک هاوڵاتی و بەهۆیەوە کوڕێکی تەمەن ١٤ ساڵان کوژراوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە و مۆڵەتی مانەوەی هەبووە و لە ئێستادا دەستگیرکراوە، بەڵام تا ئێستا پاڵنەرەکانی هێرشەکە نادیارە.
لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی نەمسا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشبەرەکە پێشتر هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە، لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن کە ئایا هێرشبەرەکە بە تەنیا کارەکەی کردووە یان بە هاوکاری کەسێکی دیکە، هەروەها ئایا قوربانییەکانی ناسیوە، بەو پێیەی بە تەمەنترینی بریندارەکان تەمەنی ٣٢ ساڵ بووە.