ئەمریکا و ئیسرائیل: ئێران لە پشت هەموو کردەوە تیرۆریستییەکانی ناوچەیە و بەیەکەوە رووبەرووی دەوەستینەوە

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین مەترسییە و لە پشت هەموو کردەوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکەیە و بەیەکەوە رووبەڕووی دەوەستینەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز ناتوانین ڕێگە بدەین کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی هەبێت و فشارەکان لەسەر حکومەتی ئێران بەردەوام بن، گەلی ئێران پشتیوانی ئایەتوڵڵاکان ناکات و قوربانیی ئەوانە.

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ سەبارەت بە غەززە وتی" بیرۆکەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر غەززە بێزارکەر نین، بوێرانەن و بەڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە حەماس نابێت لەوێ بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی و دەبێت بنبڕ بکرێت".

ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت حکومەتێکی سەقامگیر لە لوبنان هەبێت کە هەنگاو بنێت بۆ بنبڕکردنی حزبوڵڵا و داماڵینی چەک.

لای خۆشیەوە بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی" ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پێکەوە وەستاون".

ناوبراو ڕایگەیاند " کە ئیسرائیل گورزی توندی لە بریکارەکانی حکومەتی ئێران داوە و لە دۆسیەی کۆماری ئیسلامیدا "کارەکە تەواو دەکەین".

ئەمە یەکەم گەشتی ڕوبیۆیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. بەگوێرەی زانیارییەکان لەم سەفەرەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەرتی غەززە و گواستنەوەی دانیشتوانەکەی بۆ میسر و ئوردنیش تاوتوێ کردووە.

پێشتریش ڕۆژی شەممە بنیامین ناتانیاهۆ پاڵپشتی تەواوی دۆناڵد ترەمپی بۆ بڕیارەکانی داهاتووی ئیسرائیل سەبارەت بە کەرتی غەززە بەرز نرخاندبوو. هەروەها ترەمپ لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی (ئیکس) نووسیویەتی "ئێستا ئەوە پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە بڕیار بدات کە دەیەوێت چی بکات، ئەمریکا پشتگیری لە هەر بڕیارێک دەکات کە ئەوان بیدەن".





AM:09:07:17/02/2025