لە سوریا لانیکەم ١٣ کەس بە ڕووداوی جیاجیا کوژران کە چوار کەسیان لە بنەماڵەی سەر بە خێڵی (ئەلبەکەرە) لە گەڕەکی شێخ سەعید لە شاری حەلەب لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژراون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە" گەنجێک لە ژێر ئەشکەنجەدا لە دێر بەعلبە لە لادێی حومس کوژراوە، گەنجەکە پێشتر لەلایەن ئاسایشی گشتی دەسەڵاتی دیمەشقەوە دەستگیرکراوە، هاوکات کەسێک بە گوللـەیەک کوژراوە، لە میانی هەڵمەتی ئەمنی هێزەکانی دەسەڵاتی دیمەشق لە گوندی ئەللـەقمانییە لە ناوچەی سەلنەفە لە لادێکانی لازکیە".
ئەو ڕوانگەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، چوار هاوڵاتی مەدەنی لە یەک بنەماڵە، (بەیت میدۆ) سەر بە خێڵی (ئەلبەکەرە)، لە مەیدانی گەڕەکی شێخ سەعید لە شاری حەلەب لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە سێدارە دراون، هەروەها کەسێکی دیکەش لە کافێیەکدا کە خاوەنەکەی بووە لە شاری جەبلە لە لادێی لازقییە، دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە تەقە لە سەریان کراوە کوژراون.
ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، تەرمی گەنجێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولـلە بەسەری یەوە بووە، دوو تەرمی سەرکردەیەکی میلیشیاکان لە ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد و کوڕەزاکەی دۆزرایەوە کە لە شاری ئەلبوکامال لە لادێی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر سەریان بڕاوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاشیگەیاندووە" لە شاری لازقییە، ژنێک لەکاتی ڕاوەدوونانی ماتۆڕسکیلێکدا کە لەلایەن کەسانی دەمامکدارەوە سەر ماتۆڕەکە کەوتوون کە هێرشیانکردە سەر خاڵێکی پشکنین لە بازنەی ئەندەلوس لە شارەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها لە کاتی ڕاوەدونانی ئەندامانی دەوریەی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق لە شەقامی ئەلجوموریە لە لازقیە، گەنجێک بە گوللـەی وێڵ کوژراوە، هاوکات ئەندامێکی ئاسایشی گشتی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق لەکاتی هەوڵدان بۆ تێکدانی شەڕی نێوان گەنجان لە گەڕەکی ئەلکەلاسە لە شاری حەلەب کوژرا".