ئەمریکا کوشتنی بەرپرسێکی قاعیدەی ڕاگەیاند

هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵی کوشتنی بەرپرسێکی دیاری ڕێکخراوی (پارێزەرانی ئایین)ی سەر بە قاعیدەی لە سوریا ڕاگەیاند. 

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەدا هێزەکانمان هێرشێکی ئاسمانی وردیان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجامدا و بەرپرسێکی باڵای دارایی و لۆجستیکی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئایین کە سەر بە قاعیدەیە کردە ئامانج و کوشتیان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی سێنتکۆم، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا، بۆ تێکدان و لاوازکردنی هەوڵەکانی "تیرۆریستان" بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هێرشەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی سەربازی ئەمریکی، هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و دەرەوەی وڵات.

هەروەها جەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت" ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی بێوچانی تیرۆریستان بە مەبەستی بەرگریکردن لە زێدی خۆمان، و لە ژیانی ئەندامانی ئەمریکی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ناوچەکە". 



PM:02:31:17/02/2025