وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" سەردانیکردنی ئەمیری قەتەر بۆ تاران هیچ پەیوەندییەکی بە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکاوە نییە". دەشڵێت" لەسەر پاراستنی مافەکانی خۆمان لە بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام دەبین".
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سەردانی داهاتووی ئەمیری قەتەر بۆ تاران لەم هەفتەیەدا هیچ پەیوەندییەکی بە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکاوە نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لەبارەی ئامادەیی سعودیە بۆ نێوەندگیری لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بڵاوکراوەتەوە، تەنها لە ڕێگەی میدیاکانەوە هاتە بەرچاویان، بەبێ ئەوەی هیچ جوڵەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە هەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ دانوستانێکی نهێنی لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام نادات.
وتیشی" ئێران ڕێگه به هیچ لایەنێکی بیانی نادات دەستوەردان لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکات، تاران چاودێری پێشهاتەکان دەکات و سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای هەڵوێست و ئەدای لایەنەکانی دیکە دیاری دەکات".
سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، ئیسماعیل بەقائی جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی ئاشتیانە و هاوتەریبە لەگەڵ پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕێککەوتنی پارێزبەندی، بەڵام ئێران سازش لەسەر ماف و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ناکات.
بەقائی ئاماژەی بەوەدا کە ڕاوێژی نێوان ئێران و ڕووسیا لەبارەی پرسە ئەتۆمییەکان بەردەوامن، بەلەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی مۆسکۆ وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و یەکێک لە لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جگە لە ئەنجامدانی ڕاوێژ بۆ دیاریکردنی ڕۆژ و شوێنی داهاتووی وتووێژەکان لەگەڵ ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی پەلە ناکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناو دۆسیەی سوریا، بەڵام لە نزیکەوە چاودێری هەڵوێست و کردەوەکانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.