سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتە تورکیا بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە دۆسیەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا تاوتوێ بکات.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا شەوی ڕابردوو گەیشتە ئەنقەرە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ ببێتەوە.
سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد سەردانی وڵاتانی ئیماڕات و سعودیە و تورکیا دەکات، پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا و هاوکارییە مرۆییەکان تاوتوێ دەکات.
لەپاش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا، ئەمە دوەمین سەردانی ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکییە بۆ تورکیا.