ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، وەک کاندیدی پارتی کۆماریی گەل 'جەهەپە' بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە تورکیا، ناوی خۆی پێشکەش سەرکردایەتی پارتەکەی کرد.
میدیاکانی تورکیا ئەمڕۆ ٢١ ی شوبات ڤیدیۆی ئیمامئۆغڵویان بڵاوکردەوە کە فۆرمی خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پڕ دەکردەوە.
سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ داواکارییەکەی بۆ بوونە بەربژێر گەیاندە، مەریەم گول چئفتچی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ کاروباری هەڵبژاردن لە ناوەندی سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە، تاوەکو بتوانێت ببێتە یەکێک لەو کەسانەی تر کە لە حزبەکەی خۆیان کاندید کردووە.
ئیمام ئۆغلٶ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە " ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی دەستپێکێکی نوێمان هاویشت و بە فەرمی داواکاریمان بۆ بوونە بەربژێری جەهەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشکەشکرد".
هەروەها نووسیوویەتی "لە کورتترین ماوەدا، دیموکراسیی پەرلەمانی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و میکانیزمەکانی هاوسەنگیی و چاودێریی دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. رێگە لەبەردەم بەشداریی دیموکراتیی دەکەینەوە".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو چەندان دۆسیەی دادگای لەسەرە کە لە لێدوانەکانیدا بە داوای یاسایی سیاسی ناوزەدیان دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان هەفتەی پێشوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیادا پێویست ناکات.