لە کاتێکدا لە هەندێک ناوەندی میدیای و سیاسی باس لە پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، كاروانێكی دیكە سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیشتە حەسەکەی ڕۆژئاوای كوردستان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ هەینی ٢١ ی شوبات لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت " کاروانێکی سەربازیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیشتنە بنکەی قەسرەک لە لادێكانی حەسەکەی ڕۆژئاوای كوردستان".
" كاروانەكەی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە خاكی سووریاوە و پێکهاتوون لە ٣٦ بارهەڵگر کە سندوقی داخراو، ساردکەرەوە، چەک و تەقەمەنی، سندوقی بەندکردن، تانکی سووتەمەنی و زرێپۆش کە لە دەروازەی ئەلوەلیدی سنووری، هاوکارییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان". ( روانگەی سوری وا دەڵێت).
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکە و پێگە سەربازییەكانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دێت، کە بوونی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر دەکات.
ئەم کاروانە لە کاتێکدا رەوانەی سوریا دەکرێت، هەفتەی رابردوو لە راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئەمەریکیدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پلانێکی کشانەوەی بۆ سێ مانگ، یانن شەش مانگ داناوە بۆ کشانەوە لە سوریا.