ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژاردەوە.
ئەمەش لە میانەی بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆنفرانسی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان بوو کە ئەمڕۆ لە هۆڵی وەرزشی ئەنقەرەی پایتەخت بەڕێوەچوو.
عەبدوڵڵا گویلەر سەرۆکی کۆنگرهی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان، سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند" لە کۆی هەزار و ٦٠٧ نوێنەر هەزار و ٥٤٧ نوێنەر بەشداری دەنگدانیان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان سەرجەم دەنگی ئەو هەزار و ٥٤٧ نوێنەرەی بەدەستهێناوە کە بەشداری دەنگدانەکەیان کردووە.
هەروەها نوێنەران ئەندامانی نوێی لێژنەی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی ناوەندی حیزبیان هەڵبژارد.
لای خۆشیەوە ئەردۆغان لە وتارێکدا لە میانی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پارتی داد و گەشەپێدان کە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە حوکمڕانی وڵاتەکەیان کردووە، تورکیایان بەرزکردووەتەوە بۆ ڕیزەکانی ئابووری ترلیۆن دۆلار.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکانی داد و گەشەپێدان دەسەڵاتی تورکیەیان لە زۆر کەرتدا بەهێزتر کردووە کە دیارترینیان پیشەسازی بەرگری و پیشەسازی ئۆتۆمبێل و کشتوکاڵ و گەشتیارییە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند" تیرۆر و سیاسەت و یان تیرۆر و دیموکراسی ناتوانن لە یەککاتدا بەیەکەوە بگونجێن، بۆیە دەڵێین یان تیرۆر و یان دیموکراسی".
وتیشی" ئیتر کاتی سیاسەتکردنی نایاسایی لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە".