ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

ئەمرێکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند کە کەرتی نەوت و پیترۆکیمیای ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی شوبات ڕایگەیاند" سزای نوێیان بەسەر چەندین کەسایەتی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکانی وێستگەکانی نەوت لە ئێران سەپاندوە".

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئەمریکا ١٦ دامەزراوە و کەشتی دەستنیشانکردووە کە کار بۆ پیشەسازیی نەوت و پیترۆکیمیای ئێران دەکەن.

بروس وتیشی "وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی کۆنترۆڵی کەلوپەلی دەرەوە لە وەزارەتی گەنجینە (OFAC) سزایان بەسەر ٢٢ کەسایەتی سەپاندووە و ١٣ کەشتییان وەک موڵکی بلۆککراو ناساندووە، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە پیشەسازیی نەوتی ئێران."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئێران تۆڕی کەشتی و گواستنەوەی نهێنی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نەوت بە کڕیارەکانی کیشوەری ئاسیا بفرۆشێت، بەمجۆرە ئێران توانیویەتی ملیۆنان بەرمیل نەوت بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێتە ئەمریکا."

ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە فەرمانێکدا زنجیرەیەک سزای توندی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە دەستهەڵگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.




PM:10:17:24/02/2025