پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای خوێندن بە زمانی کوردی بە ١٣٠ دەنگی نەخێر رەتکردەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا پڕۆژە یاسایەکی کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای بۆ خوێندن و فێرکردن و وانە وتنەوە بە زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران جگە لەزمانی فارسی لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە رەتکردوەتەوە.
بە پێی هەواڵەکە پرۆژەیاساکە ١٠٤ دەنگی بەڵێ و ١٣٠ دەنگی نەخێری بەدەستهێناوە و پێنج پەرلەمانتاریش بێ لایەنیان هەڵبژاردوە.
ئیحسان عەزیمی نەژاد، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ ئەو پڕۆژەیاسایە بە پشتبەستن بە ماددەی ١٥ـی دەستوری ئێران ئامادە کراوە، کە رێگە بە خوێندن بە زمانی دایک دەدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەپێی مادەی ١٥ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەکارهێنانی زمانی نەتەوەکانی دیکە لە چاپەمەنی و راگەیاندنی گشتی و فێرکردنی ئەدەب و زمان لە قوتابخانەکاندا، شانبەشانی زمانی فارسی ئازادە و نابێت رێگریی لێبکرێت.