جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی هۆکاری سەرەکی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاشکراکرد و دەڵێت" لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تووشی سوکایەتی و گوشاری بێ وێنە بووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات". دەشڵێت" تاڵترین قۆناغی ٤٠ ساڵ خزمەتکردنم تێپەڕاندووە".
محەمەد جەواد زەریف جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، ئەمڕۆ دووشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" سوپاس و پێزانینی خۆم دەربڕی بۆ خزمەتکردنی خەڵک لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی بە سەختترین قۆناغی ژیانی پیشەییم تێپەڕاندووە کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەخایەنێت".
زەریف ئاشکراشیکرد کە" لەگەڵ غوڵام حسێن موحسینی ئێجیی سەرۆکی دەزگای دادوەری کۆبووەتەوە کە ئامۆژگاری کردووە بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ لە تاران بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر حکومەت و منیش داواکەم پەسندم کرد، چونکە هەمیشە ویستوومە یار بم نەوەک بار".
دەشڵێت" هەرگیز لە ئاستەنگەکان ڕام نەکردووە، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سەپێندراو وە تا گەیشتن نبە ڕێکەوتنی ئەتۆمی بەرگەی زۆر سوکایەتیم گرتووە".
زەریف ڕاشیگەیاندووە" هەرچەندە لە شەش مانگی رابردوودا رووبەڕووی زۆرترین سوکایەتی، تۆمەت و هەڕەشە بەرامبەر بە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە، تەنانەت لەنێو حکومەتیشدا تاڵترین سەردەمی خزمەتی ٤٠ ساڵەم تێپەڕاندووە، بەڵام بە هیوای خزمەتکردن خۆم راگرت".
ناوبراو جەختی لە" پشتیوانی خۆی بۆ مەسعود پزیشکیان کردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و داوای لێبوردنیشی لە خەڵکی ئێران کرد بۆ هەر کەموکورتییەک".
شەوی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران ئیرنا بڵاویکردەوە، محەمەد جەواد زەریف بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆک کۆماری ئێران کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە.
دەستلەکارکێشانەوەی زەریف دوای ئەوە هات، دوێنێ پەرلەمانی ئێران عەبدولناسر هێماتی، وەزیری دارایی و ئابووری ئێرانی لە کارەکەی دوورخستەوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکان بکات.