ئێران.. پزیشکیان کەسێک وەکو سەرپەرشتیاری وەزارەتی ئابوریی ئێران دەستنیشان دەکات

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بڕیاریدا رەحمەتوڵڵا ئەکرەمی وەکو سەرپەرشتیاری وەزارەتی ئابوری و دارایی  دەستنیشان بکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ، رەحمتوڵڵا ئەکرەمی وەک سەرپەرشتیاری وەزارەتی ئابوری و دارایی دەستنیشان کردوە.

رەحمەتوڵڵا ئەکرەمی، پێشتر بریکاری وەزیری ئابوری و بەرپرسی چاودێریی دارایی و گەنجینە بوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ و لە کاتی لەکارلادانی وەزیری ئابووریی ئەو کاتەی ئێران، بۆ ماوەی دوو مانگ سەرپەرشتیاری وەزارەتەکە بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پەرلەمانی ئێران دوێنێ بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە عەبدولناسر هیمەتی سەندەوە، چونکە زۆربەی پەرلەمانتاران پێیان وابوو، هیمەتی نەیتوانیوە دۆخی ئابووریی وڵاتەکە باش بکات و رێگری لە دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە بکات.



PM:04:20:03/03/2025