بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە بازەڕەکانی جیهاندا بە هەردوو جۆرەکەیەوە ڕووی لە دابەزین کرد، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٧٠ دۆلار و ٩٩ سهنتە، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧١ دۆلار و ٦٢ سەنت بوو.
هاوکات هەر ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا بە ٦٧ دۆلار و ٩٠ سەنتە، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٦٨ دۆلار و ٣٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا.
مانگی ڕابردوو، نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە یەکەم دابەزینی مانگانەی خۆیان لە ماوەی سێ مانگدا تۆمارکرد، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی باج لەلایەن ئەمریکا و هاوبەشە بازرگانییەکانییەوە متمانەی وەبەرهێنەرانی بە گەشەی ئابووری جیهانی ئەمساڵ کەمکردەوە.
هەروەها دوێنێش بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکرد کە سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ڕاگیراون، دوای گرژییەکانی هەفتەی ڕابردووی نێوان ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی.