زێلێنسکی: بۆ ئەوەی لە کۆشکی سپی روویدا دوای لێبوردن دەکەین

لەدوای گرژییەکانی نێوان زێلێنسکی و ترەمپ، لە یەکەم لێدوانیدا سەرۆکی ئۆکرانیا، پەشیمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو شتانەی لە کۆشکی سپی ڕوویدا و سوپاسگوزاری خۆی بۆ واشنتۆن دەربڕی.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پۆستێکدا لە بەرنامەی ئێکس ڕایگەیاند"کۆبوونەوەکەمان لە واشنتۆن، لە کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی، بەو شێوەیە نەڕۆیشت کە بڕیار بوو، پەشیمانین کە بەم شێوەیە ڕوویدا، کاتی ئەوە هاتووە شتەکان ڕاست بکەینەوە. هیوادارین هاوکاری و پەیوەندییەکانی داهاتوو بنیاتنەر بن".

دەشڵێت"ئێمە ئەو کارانەی ئەمریکا کردوویەتی بۆ پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکرانیا بەرز دەنرخێنین، ئێمە ئەو ساتەمان لەبیرە کە شتەکان گۆڕا کاتێک سەرۆک ترامپ چەکی دابینکرد بۆ ئۆکرانیا".

سەرۆکی ئۆکرانیا هەروەها وتی "ئۆکرانیا ئامادەیە بە زووترین کات لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام.. من و تیمەکەم ئامادەین لەژێر سەرکردایەتی بەهێزی سەرۆک ترامپ کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام".

ئاماژەی بەوەشکردووە " ئێمە ئامادەین بەخێرایی کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، قۆناغە یەکەمەکانیش دەکرێت ئازادکردنی دیلەکان بێت، ئاگربەست لە ئاسماندا لەگەڵ قەدەغەکردنی مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها بۆمبڕێژکراو بۆ سەر وزە و ژێرخانی مەدەنی دیکە، و دەستبەجێ ئاگربەست لە دەریادا، ئەگەر ڕووسیاش هەمان شت بکات ئەوا ئێمە دەمانەوێت زۆر بەخێرایی هەنگاو بنێن لە هەموو قۆناغەکانی داهاتوودا و لەگەڵ ئەمریکا کاربکەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی".

سەبارەت بە ڕێککەوتنی کانزاکان و ئاسایش، زێلێنسکی دووپاتیکردەوە کە ئۆکرانیا ئامادەیە لە هەر کاتێکدا و بە هەر فۆرماتێکی گونجاو واژۆی بکات،ودەشڵێت"ئێمە ئەم ڕێککەوتنە وەک هەنگاوێک دەبینین بەرەو گەرەنتی زیاتری ئاسایش و ئەمنی".



PM:11:38:04/03/2025