میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە" وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دانیال هاگاری، دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە".
بەپێی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، دانیال هاگاری لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت و لە سوپا خانەنشین دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی پلە بەرزکردنەوەی لەلایەن سەرۆک ئەرکانی نوێ، ئیال زەمیرەوە ڕەتکرایەوە.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل "پێزانینی زۆری" خۆی بۆ کارەکانی هاگاری دەربڕی لە ماوەی ساڵانی خزمەتکردنی شەڕدا، جگە لە "ڕۆڵەکەی وەک وتەبێژی ئیسرائیل لە کاتی یەکێک لە ئاڵۆزترین شەڕەکانی مێژووی وڵات، بەشێوەیەکی پیشەیی و دڵسۆزانە کارەکانی ئەنجامداوە".
دانیال هاگاری لە دایکبووی ١٩٧٦ە، پێشتر وەک فەرماندەی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی دەریایی ئیسرائیل و یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەی کۆماندۆی دەریایی و نوسینگەی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کاری کردووە.
لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٣، هاگاری وەک وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەستنیشانکرا.