بۆ ڕێککەوتن لەسەر چەکی ئەتۆمی ترەمپ نامەیەک بۆ خامنەیی دەنوسێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە پێی باشترە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە مەلەفی ئەتۆمی ڕێکبکەوێت، هاوکات ئاماژەی بەوەداوە دوێنێ نامەیەکی بۆ خامنەیی ناردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە" پێم باشە لەگەڵ ئێران بگەمە ڕێککەوتن و دوێنێش پەیامێکم بۆ خامنەیی ناردووە". 

ترەمپ دەشڵێت" دەبێت شتێک لەبارەی ئێران بکرێت بۆ ئەوەی نەتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت". 

لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا هیوای خۆی دەربڕی بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە" ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی ئیدارەی ترەمپ لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چەند پرسێکی جۆراوجۆر لەوانە چەکی ئەتۆمی تاران". 

هەروەها دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرێملین لە زاری ڕۆژنامەی بلومبێرگەوە کە میدیای دەوڵەتی ڕووسیا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، ڕووسیا پێی وایە کە ئەمریکا و ئێران دەبێت کێشە هاوبەشەکانیان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن.



PM:05:20:07/03/2025