سەرۆکی کاتی دەزگای هەواڵگری سوریا داوا لە شوێنکەوتوانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا دەکات خۆیان و چەکەکانیان تەسلیمی نزیکترین دەزگای ئەمنی بکەن.
ئەنەس خەتاب سەرۆکی کاتی دەزگای هەواڵگری سوریا، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" هیچ بژاردەیەکتان نییە جگە لەوەی خۆتان و چەکەکانتان تەسلیمی نزیکترین دەزگای ئەمنی بکەن، لەپێناو دڵنیابوون لە سەلامەتی سوریا و گەلەکەی و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ سەقامگیری و ئاسایش".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" لە یەکەم ساتی ئازادکردنی شاری حەلەبەوە تا ئازادکردنی دیمەشقی پایتەخت، ئێمە لە بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەموو یەکەکانی جێگیرکراومان لە پارێزگاکان ئاراستە دەکرد بۆ پێویستی کۆنترۆڵکردنی خۆبەدەستەوەدان و مامەڵەی باش لەگەڵ ئەوانی دیکەدا".
خەتاب ڕاشیگەیاندووە" هەندێک کەسی لاواز و تاوانکار هەلومەرجە سەختەکانی پێشوویان قۆستەوە کە وڵات پێیدا تێپەڕیبوو، وەک چۆن بە هەموو پێوەرێک ڕژێمێکی گەندەڵ و تاوانکارمان بە میرات گرت، بۆیە دەستیانکرد بە پلاندانان و ئامادەکاری بۆ هەوڵدان بۆ لێدان لە ڕوخساری نوێی سوریای داهاتوو کە شانازی و خۆشگوزەرانییان ئازاری دەدا".
وتیشی" بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی پێشووی سەر بە ڕژێمی پێشوو لە پشت پلاندانانی ئەو تاوانانەن، لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنیانەوە لەلایەن هەندێک کەسایەتی هەڵاتوو لە دەرەوەی وڵات کە لەلایەن داد و دەسەڵاتی دادوەرییەوە داواکراون".
بەرپرسی کاتی هەواڵگری سوریا زیاتر وتی" دوای ٩٠ ڕۆژ لە ئازادکردنی دیمەشقی پایتەخت، هەندێک لایەن پێیان وابوو توانیویانە ئیرادەی گەلە گەورەکەمان بڕوخێنن بۆ دیاریکردنی چارەنوس و ئایندەیان کە گەرەنتی ژیانێکی ئازادیان بۆ دەکات، بۆیە ئۆپەراسیۆنە خیانەتکارەکەی خۆیان دەستپێکرد کە گیانی دەیان باشترین پیاوی ئێمەی لە سوپا و ئاسایش و پۆلیسدا کردە ئامانج".