وەزیری دەرەوەی ئێران داوای هەڵوێستی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی دەکات بۆ بەرنگاربونەوەی ئەو دۆخەی ڕوبەڕوی فەڵەستین بوەتەوە، وپەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و تورکیاش بەباش وەسف دەکات
ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاویکردەوە: عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وهاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆبونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە سعودیە کۆبونەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا عەباس عێراقچی، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیای بە پەیوەندییەکی باش وەسف کرد کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردو گەلی موسڵمان و دراوسێ دامەزراوە و پاراستنی ئەم پەیوەندییانە ئەرکی هاوبەشی بەرپرسانی هەردو وڵاتە.
جەختیشی لە پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری وڵاتانی ئیسلامی کردەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهانی ئیسلام، بەتایبەتی پیلانی لە ناوبردنی فەڵەستین.
سەبارەت بە دۆخی سوریاش عێراقچی رایگەیاند"بەرپرسانی نوێی سوریا بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و ژیانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا".