وەزیری دەرەوەی ئێران داوا فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا دەکات پاراستنی ئاسایش و دەستەبەرکردنی سەلامەتی هەموو سوورییەکان لە ئەستۆ بگرن.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی قەوارەی ئیسرائیل دەکات، هەروەها ڕێگە بۆ گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان دەکاتەوە کە دۆخەکە بقۆزنەوە".
هاوکات دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی ئێران نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندوتیژی و نائەمنی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات.
هەروەها ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وتی" ئێران جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی حکومەتی کاتی دەکاتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەموو هاوڵاتیانی سوریا، ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆی بۆ توندوتیژی و خوێنڕشتن دەردەبڕێت، بەبێ گوێدانە لایەنە پەیوەندیدارەکان".
وتیشی" درێژەدان بە نائارامییەکان دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە زیاتر دەکات و ڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و بەتایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکاتەوە".
بەپێی دوایین ئاماری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مافی مرۆڤ، لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی پاشماوەی ئەسەد و هێزەکانی ئەحمەد شەرع ژمارەی کوژراوەکان بۆ ٥٠٠ کەس بەرزبووەتەوە کە ٣٠٤ کەسیان هاوڵاتی مەدەنین.