خامنەیی بۆ ترەمپ: لە ژێر فشاردا دانوستان ناکەین

ڕێبەری باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت" لە ژێر هیچ گوشارێکدا سەبارەت بە توانا ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکەین". 

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند" هەندێک وڵات پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن بۆ سەپاندنی داواکارییەکانیان و چارەسەرنەکردنی کێشەکان". 

جەختیشی لەوە کردەوە کە" تاران لە ژێر فشاری وڵاتێکی باڵادەست دانوستان ناکات".

خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" بە دڵنیاییەوە تاران داواکارییەکانیان قبوڵ ناکات، تاران هەرگیز داواکارییەکان بۆ سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی قبوڵ ناکات". 

دەشڵێت" ناتوانین پشت بە بناغەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا ببەستین، چونکە بناغەکانی کەموکوڕی تێدایە و دژ بە بنەما ئیسلامییەکانە". 

ڕوونیشیکردەوە، شارستانیەتی ڕۆژئاوا سوودی خۆی هەیە و ئەگەر بتوانن لێی فێربن و سوودی لێ وەربگرن، پێویستە ئەوە بکەن. 

ئەمەش دوای لێدوانەکانی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هات کە ڕایگەیاند" پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە و بژاردەی پێداوە لە نێوان دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی یان ڕووبەڕووبوونەوەی هەنگاوی سەربازی". 



PM:08:05:08/03/2025