رێبەری باڵای ئێران وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا کە داوای دانوستانی کردبوو دایەوە و وتی" تاران لە ژێر گوشاری هیچ وڵاتێک دانوستان ناکات".
ڕۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، نارد و داوای لێکرد دانۆستان لەگەڵ ئەمریکا بکات، ئەمڕۆ خامنەیی لە وەڵامی نامەکەی ترەمپدا ڕەخنەی لە پێداگری حکومەتە چەوسێنەرەکان گرت بۆ دانوستان و هەروەها وڵاتانی ئەوروپایی بەهۆی رەخنەگرتن لە ئێران بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی بە "بێ چاو و روو" ناوبرد.
خامنەیی هەروەها رایگەیاند"تاران لەژێر گوشاری هیچ وڵاتێک دانوستان ناکات".
وتیشی" هەندێک لە حکومەتە خۆبەزلزانەکان پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن. ئامانجی گفتوگۆکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان نییە بەڵکو پیلانگێڕی و سەپاندنی چاوەڕوانییەکانیانە".
کۆشکی سپی کاردانەوەی خێرای بەرامبەر بەم قسانە دەربڕی و برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی" هیوادارین ڕێژیمی ئێران گەل و بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە پێش تیرۆرەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران وتبووی" دوو ڕێگە هەیە: سەربازی، یان گەیشتن بە ڕێککەوتن".