وەزارەتی دەرەوەی نەمسا سەبارەت بە توندوتیژییەکانی کەناراوەکانی سوریا لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە تاوانباران دادگایی بکرێن".
وەزارەتی دەرەوەی نەمسا ئەمڕۆ یەکشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند" داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین گرژییەکان کەمبکەنەوە و تاوانباران دادگایی بکەن".
وەزارەتەکە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە" دەبێت ئیدارەی کاتی لە سوریادا گواستنەوەی سیاسی هەمەلایەنە و ئاشتیانە مسۆگەر بکات".
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانی سوریا، تا ئێستا زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی عەلەوی لەم پێکدادانانەدا کوژراون.
عەلەوییەکان کەمینەیەکی ئایینین لە سوریا، لە کۆی ژمارەی دانیشتوانی سوریا کە ٢٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە، ژمارەی دانیشتوانی عەلەوییەکان نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆن کەسە.
تائێستا هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکان و کێ دەستپێشخەری ئەو ڕووداوانە بووە نەزانراوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی کاتی سوریا هۆکاری ڕووداوەکانی گەڕاندەوە بۆ کوژرانی ١٥ کارمەندی ئەمنی و پۆلیس لە بۆسەیەکدا کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە پارێزگای لازقییە دانرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوو ڕۆژدا لە پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و لایەنگرانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کوژرانی ٧٤٥ هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان بە تەقەکردن لە نزیکەوە کوژراون، ١٢٥ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و ١٤٨ چەکداری لایەنگری ئەسەد کوژراون.
ئەو ڕوانگەیە ڕایگەیاندووە کە زۆربەی ئەو مەدەنیانەی کوژراون سەر بە کەمینەی ئایینی عەلەوییەکانی ئەو وڵاتەن.