"دانوستانێک قبوڵ ناکەین کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی بێت"

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت" تاران ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی بێت". 

ئەمڕۆ یەکشەممە نوێنەرایەتی ئێران لە نیویۆرک ڕایگەیاند" هەر دانوستانێک کە لەسەر بنەمای بیرۆکەی بەدیهێنانی ئەوەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، هەرگیز ڕوونادات".

نوێنەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە" کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ دانوستانێک بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتییەکەی خۆی قبوڵ ناکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ تەنها لەو کاتەدا دەکرێت کە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت کە ئەو بەرنامەیە ناگۆڕێت بۆ سروشتێکی سەربازی.

دوێنێش عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران، لە وەڵامی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند" پێداگری هەندێک وڵات لەسەر دانوستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو بۆ سەپاندنی ئیرادە و چاوەڕوانییەکانیانە". 



PM:11:13:09/03/2025