وەزارەتی بەرگری سوریا ئەمڕۆ دووشەممە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس لە ناوچەی کەنار دەریاکان لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
حسێن عەبدولغەنی وتەبێژی کاتی وەزارەتی بەرگری سوریا، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) بڵاویکردووەتەوە، و ڕایگەیاندووە" سوپا هێرشەکانی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەدی پوچەڵکردەوە و توانی لە ناوەندە گرنگەکان دووریان بخاتەوە و زۆربەی ڕێگا سەرەکییەکان مسۆگەر بکات".
عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەدا کە" پلانی نوێ دانراوە بۆ تەواوکردنی شەڕی پاشماوەکانی ڕژێم و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە هەر هەڕەشەیەکی داهاتوو".
ئاماژەی بەوەشکرد کە" هێزە ئەمنییەکان توانیان پاشماوەکانی ڕژێمی لە کارکەوتوو لە شارۆچکەی ئەلموختاریە، شارۆچکەی ئەلموزەیریە، ناوچەی ئەلزوبار و پارێزگای لازقییە و شارۆچکەی ئەلدە پووچەڵبکەنەوە".
عەبدولغەنی دەشڵێت" لە قۆناغی داهاتوودا دەزگا ئەمنییەکان کار لەسەر بەرزکردنەوەی کارەکانیان دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خەڵک، بەو پێیەی پلانی نوێیان داڕشتووە بۆ تەواوکردنی بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە هەر هەڕەشەیەکی داهاتوو".
دوێنێ یەکشەممە، سەرۆکایەتی سوریا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی نیشتمانی سەربەخۆی دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە "ڕووداوە کەناراوەکان" کە لە ٦ی ئازاردا ڕوویاندا.