ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتی سوریا ڕەشنووسی دەستوری سوریای واژووکرد کە لەلایەن لیژنەی پسپۆڕانەوە چەند ڕۆژێک دوای پێکهێنانی بە فەرمانی سەرۆکایەتی دایڕشتبوو، ماوەی ڕاگوزەری پێنج ساڵەی ڕاگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) لە زاری ئەحمەد شەرعەوە دوای واژووکردنی بەیاننامەی دەستووری سوریا ڕایگەیاندووە" هیوادارین ئەمە نیشانەیەکی باش بێت بۆ گەلی سوریا، هیوادارین مێژوویەکی نوێ بێت بۆ سوریا".
لێژنەی داڕشتنی جاڕنامەی دەستوور ئاماژەی بەوەدا کە" ئەنجوومەنی گەل تەواوی پرۆسەی یاسادانان لە ئەستۆ دەگرێت، لە کاتێکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە دەگیرێتە ئەستۆ".
ئاماژەی بەوەدا کە" مافی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بە سەرۆکی کۆمار دراوە".
هەروەها لیژنەکە پابەندبوونی دەوڵەتی بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە واژوو کراوە و دەستەبەرکردنی مافی خاوەندارێتی، مافی کارکردن و خوێندنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافە سیاسییەکانیان لە جاڕنامەی دەستووریدا دووپاتکردەوە.
هاوکات ڕوونیکردەوە کە" بەیاننامەی دەستووری ئازادی بیروڕا، ڕادەربڕین، میدیا، بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری دیاریکردووە و حەزی کردووە بابەتی تایبەت لەسەر ماف و ئازادییەکان بخرێتە ناوەوە".
لێژنەی داڕشتنی جاڕنامەی دەستوور ئاماژەی بەوەدا کە" دادگای دەستووری ئێستا هەڵوەشایەوە، چونکە پاشماوەی ڕژێمی پێشووە، هەروەها مافی دیاریکردنی ئەندامی نوێ بە سەرۆکی کۆمار دراوە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" سوریا پابەندە بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییەوە".