بەهۆی پاکتاوکردنی عەلەویەکان
سەردانی شەرع بۆ یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشایەوە


بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر تایفەی عەلەوی لە لازقیە لەلایەن هێزەکانی سەر بە شەرعەوە ئەنجامدرا، سەردانێکی سەرۆکی کاتی سوریا بۆ یەکێتی ئەورپا هەڵوەشایەوە.

د.عادل باخەوان توێژەری سیاسی کورد کە لە فەرەنسا دەژی دەڵێت " بڕیاربوو ڕۆژی دوشەمەی داهاتوو، لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ئەوروپا، سەردانی برۆکسل بکات و بەشداری کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر سوریا بکات، بەڵام هەڵوەشایەوە".

باخەوان دەشڵێت" پاش قەسابخانەکەی عەلەویەکان و دەستورە کاتیەکەی کە هیچ مافێکی بۆ پێکهاتەکان بەگشتی و کورد کە هاوپەیمانی ئەوروپایە بەتایبەتی تیادانییە، چەندین پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا هاتنە دەنگ و دەزگا پەیوەندیدارەکانیان ناچارکرد کە سەردانەکەی شەرع هەڵبوەشێننەوە و تەنها ڕێگا بە وەزیری دەرەوە بدەن کە ئامادەبێت".

"ئەمە یەکەم مەسیجی ڕون و ڕاشکاوی یەکێتی ئەوروپایە بۆ شەرع و گەر بەباشی لێی تێنەگات و وەرینەگرێت، مەسیجی دیکەشی بەدوادا دێت".( عادل باخەوان پێیوایە).

هەفتەی رابردوو هێزەکانی سەر بە شەرع بەهۆی کێشەیەکی بچووکەوە لەلازقیە هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچەیەو بە بیانووی هێرشکردنە سەر پاشماوەکانی حزبی بەعس، بەهەزاران خەڵکی مدەنی لە ژن و منداڵ و پیاو کوشت و بەهەزارانی تریان هەڵهاتن بۆ لوبنان. 




PM:06:33:14/03/2025