ئەمەریكا هەڵمەتێكی سەربازی لە دژی حوسییەكان دەستپێکرد

ئەمریکا هێرشی سەربازی بەرفراوانی بۆسەر دەیان ئامانج لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن ئەنجامدا، ئەمەش دەستپێکی ئەو هێرشە بوو کە بەرپرسانی ئەمریکا بە هێرشێکی نوێ لە دژی چەکدارانی یەمەن وەسفیانکرد.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ هێزە ئاسمانی و دەریاییەكانی ئەمەریكا بە فەرمانی ترەمپ دەستیان بە هەڵمەتێكی چەند رۆژی بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن كرد و چەند ئامانجێكیان لە سەنعای پایەتەخت و ناوچەی تریش بۆردمانکردووە". 

هەروەها کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە" بۆردومانەکە کە بەرچاوترین کردەوەی سەربازییە لە خولی دووەمی ترەمپ، بە مەبەستی ناردنی ئاماژەیەکی هۆشداری بۆ ئێرانیش بووە". 

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی بکات، بەڵام ئەگەری کردەوەی سەربازی بە کراوەیی هێشتۆتەوە ئەگەر ئێرانییەکان دانوستان ڕەتبکەنەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕوونیانکردەوە کە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەی حوسییەکان کە زۆربەیان لە قوڵایی ژێر زەویدان، دەتوانن بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بن و بەپێی وەڵامدانەوەی چەکدارەکان چڕی و مەودایان زیاتر دەبێت.

هاوکا سەرچاوە پزیشکییەکانی یەمەن سەبارەت بە زیانە گیانییەکان پشتڕاستیانکردەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە ئەمریکییەکان بۆ سەر شوێنەکانی سەنعای پایتەخت، ٩ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها سەرچاوە هەواڵیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بە نیازە هێزی سەربازی لە باشووری یەمەن جێگیر بکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانی حکومەت و چاودێریکردنی کەناراوەکان، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و دەستەبەرکردنی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان.



PM:10:27:15/03/2025