ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، ئێران درۆن و سیستەمی ناسینەوەی دەموچاو و ئەپێک بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا ناچارییەکانی حیجاب بۆ ژنان.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردووە بە پشت بەستن بە تەکنەلۆژیا بۆ چاودێریکردن و سزادانی ئەو ژنانەی کە یاسای جل و بەرگی ناچاری پێشێل دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەپی مۆبایلی نازەر ئامرازێکی سەرەکییە لەم هەڵمەتەدا کە لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت و ڕێگە بە هاوڵاتییان و ئەفسەرانی پۆلیس دەدات ڕاپۆرتی سەرپێچیکارانی ژنان بدەن.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەپی نازەر ڕێگە بە بەکارهێنەرانی دەدات ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل و شوێن و کاتی ڕۆژەکەی بگرن، ئەگەر ئافرەتێک کە حیجابی لەبەر نەکردووە بینرا، دواتر ئەپەکە بەشێوەی ئۆنلاین ئۆتۆمبێلەکە دەناسێتەوە و پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەپەکە نامەیەکی کورتی خێرا بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکە دەنێرێت و ئاگاداریان دەکاتەوە کە سەرپێچی یاساکانی حیجابی ئیجباری دەستنیشانکراوە، هەروەها ئەگەر پابەند نەبن ئۆتۆمبێلەکەیان دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئەپەکە کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی پۆلیسی ئێران (فارەجا)ەوە دەستپێدەکات، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٤ فراوانتر کرا و ژنانی ناو ئەمبولانس و تاکسی و گواستنەوەی گشتی لەخۆ گرت.