حوسییەکان: فڕۆكە هەڵگری هاری ترومانمان بە موشەك بۆردومانکردووە

بزوتنەوەی حوسییەکانی ئەنسارڵای یەمەن ڕایدەگەیەنێت" کەشتی فڕۆكە هەڵگری هاری ترومانیمان و کەشتییە جەنگییە پەیوەندیدارەکانی لە باکووری دەریای سوور بە ١٨ مووشەکی بالیستی و کروز و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج". 

یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی بزووتنەوەی حوسییەکانی ئەنسارڵای یەمەن، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" ئه‌مریكا له‌ چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا به‌ زیاتر له‌ ٤٧ هێرشی ئاسمانی ده‌ستدرێژییه‌كی ئاشكرای بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌مان ده‌ستپێكرد و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی له‌ پارێزگاكانی سه‌نعا، سه‌عاده‌، به‌یزا، حه‌جا، زه‌مار، مه‌ئاریب و جه‌وفیان كرده‌ ئامانج". 

ڕاشیگەیاندووە" لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە، هێزە چەکدارەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی چۆنایەتییان ئەنجامدا کە کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی یو ئێس ئێس هاری ترومان و کەشتییە جەنگییەکانی لە باکووری دەریای سوور بە ١٨ موشەکی بالیستی و کروز و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا کە لەلایەن هێزی موشەکی و هێزی ئاسمانی و هێزە دەریاییەکانەوە ئەنجامدرا". 

وتەبێژی حوسییەکان دووپاتی کردەوە کە" هێزە چەکدارەکانی یەمەن درێغی ناکەن لە کردنە ئامانجی هەموو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور و دەریای عەرەبی لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی سەر وڵاتەکەمان، هەروەها بەردەوام دەبن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر دوژمنی ئیسرائیل و قەدەغەکردنی کەشتیەکانی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە ڕاگەیەندراوەکە تا ئەو کاتەی هاوکاری و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەگەیەنرێنە کەرتی غەززە". 

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی "یەکلاکەرەوە و زۆرەملێ" دژی حوسییەکانی یەمەن دەستپێبکات و تۆمەتباریشی کرد بە ئەنجامدانی "هێرشی تیرۆریستی و چەتەی دەریایی دژی کەشتی و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە".



PM:09:22:16/03/2025