دوای ئەوەی دوێنێ ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە مۆسکۆ و کێڤ بەشێوەیەکی کاتی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکتر ڕابگرن، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٧٠ دۆلار و ٣١ سهنتە، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٠ دۆلار و ٥٦ سەنت بوو.
هاوکات هەر ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا بە ٦٦ دۆلار و ٥٠ سەنتە، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٦٦ دۆلار و ٧٥ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا.
دابەزینی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، دوێنێ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر دامەزراوەی وزەی ئۆکرانیا.
هەروەها لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دوێنێ سێشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لەگەڵ پوتین لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ بەرامبەر کەرتی وزە و ژێرخانەکان ڕێککەوتین و لێکگەیشتنیشمان هەبوو بۆ کارکردنی خێرا لەسەر ئاگربەستی گشتگیر و لە کۆتاییشدا کۆتاییهێنان بەو جەنگە تۆقینەرەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا".
شارەزایانی بواری ئابووریش پێشبینی دەکەن لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕەنگە ببێتە هۆی سوککردنی سزاکان، ئەمەش ڕەنگە دابینکردنی نەوت زیاد بکات و نرخەکانیش دابەزێت.