تەیب ئەردۆغان بەشداری ئاهەنگی نەورۆز لە ئیستانبوڵ دەکات


بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢١ ی ئازار رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئیستانبووڵ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزدا بکات.
  دوێنێ ٢٠ ئازار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی دەڵێت" 'بەشداریکردنی سەرۆک کۆمارمان لە رێوڕەسمەکانی نەورۆزی سبەی، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و بایەخدار''.
 
پێشتریش لە رۆژی ١٧ ئازار عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ''رۆژی ٢١ی ئادار کاتژمێر ٣ دوای نیوەڕۆ لە سەرۆکی وڵات ئەردۆغان لە ئیستانبووڵ بەشداری ئاهەنگی نەورۆز دەکات''.
 
لەو کۆنگرەیەدا وتەبێژەکەی پارتی داد و گەشەپێدان وتیشی" نەورۆز جەژنێکە بۆ گەیاندنی پەیامی برایەتی لە جیهانی تورکەوە تاوەکو رۆژهەڵات، میزۆپۆتامیا و بەلقان. چاوەڕوانی هەمووان دەکەین".
 
ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان و لە ئیستانبوڵ ئاهەنگی گەورە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە سازدەکرێت، ئەم ئاهەنگانەی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە هەوڵێکی دوو لایەنەی کوردی و تورکی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و کارکردن بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.




AM:09:52:21/03/2025