زیاتر لە ٣٤٠ کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی دەستگیرکردنی ئۆغڵو دەستگیرکران

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" لە میانی خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە ژمارەیەک پارێزگا ٣٤٣ کەس دەستگیرکراون". 

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" شەوی ڕابردوو لە ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەدەنە، ئەنتالیا، چاناکاڵە، ئەسکیشەهیر، کۆنیا و ئەدیرنە، لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەستەنبوڵەوە ئەنجامدراوە، ٣٤٣ کەس دەستبەسەرکراون". 

جەختیشی لەوە کردەوە کە، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی دەستوەردانیان کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان کە شایەتحاڵی پێکدادانی ئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس بوون. 

ئەم ناڕەزایەتیانە دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵویان بە تۆمەتی "سەرکردایەتیکردنی باندێکی تێوەگلان لە گەندەڵی و بەرتیلدان" ڕاگەیاند، لایەنگرانی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و بە بەشێک لە هەڵکشانی سیاسی دژ بە ئۆپۆزسیۆن ناوەزەدی دەکەن.

هەروەها هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵی لە خۆگرتبوو، ئەمەش گرژییەکانی ناو دیمەنی سیاسی ناوخۆی تورکیای زیاتر کرد و ناڕەزایەتییەکانیش تائێستاش لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامە.

تیمە یاساییەکەی ئەو تۆمەتانەی بە "بێ بنەما" ناودەبات، هاوکات لێکۆڵینەوەکانیان بە "هەوڵێک بۆ لاوازکردنی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن لە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام بدرێت" دەزانن. 

ئیمام ئۆغڵو، ئەندامێکی دیاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) یە، وەک یەکێک لە ڕکابەرە سیاسییە بەهێزەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەیر دەکرێت. 

ئیمام ئۆغڵو لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری ئاکچابات لە پارێزگای ترابزۆن لە کەنارەکانی دەریای ڕەشی تورکیا لە دایکبووە، لە تەمەنی هەرزەکاریدا ڕووی لە ئەستەنبوڵ کردووە و خوێندنی بازرگانی تەواو کردووە و دواتر لە کەرتی بیناسازیدا کاری کردووە.

مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لەسەر لیستی جەهەپە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و تورکیا توانی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بە دەستبهێنێت.



PM:07:37:22/03/2025