ئیسرائیل: هێرشدەكەینە سەر پایتەختی لوبنان

‌وێنە.. ئەرشیف
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە لوبنان کرد دوای هێرشی موشەکی بۆ سەر وڵاتەکەی و "حکومەتی لوبنانی بە بەرپرسیار زانی لە هێرشە موشەکییەکانی لە خاکەکەیەوە".

یسرائیل كاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەمڕۆ رایگەیاند" بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە موشەكییە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی لوبنان و وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت و ئەگەر هێرشە موشەكییەكانیش بەردەوام بن، لە بەرانبەردا هێرشدەكەینەسەر بەیروت پایتەخت". 

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" سوپای ئیسرائیلم ڕاسپاردووە کە بەو پێیە وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە". 

سوپای ئیسرائیل هەر ئەمڕۆ ڕایگەیاند" سوپای ئیسرائیل توانیان سێ موشەک تێکبشکێنن کە لە لوبنانەوە ئاراستەکرابوون، سەرەڕای ئاگربەستێک کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەیی توندوتیژی نێوان هەردوولا". 

هەروەها لای خۆشییەوە حزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیکردەوە هیچ دەستتێوەردانێکی هەبێت لە هێرشە موشەکییەکانی سەر ئیسرائیل کە لە باشووری لوبنانەوە دەستیپێکرد، هاوکات ڕایگەیاند کە" پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە". 



PM:08:36:22/03/2025