ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دوای چوار رۆژ لە دەستبەسەرکردنی، بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپا.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، بەتۆمەتی "بوونە سەرۆکی ڕێکخراوی تاوانکاری، ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆری، بەرتیل وەرگرتن، بەرتیل دان، فریودان، بەدەستهێنانی زانیاری کەسی بە نایاسایی و ساختەکاری لە تەندەرەکاندا" بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ و ٩٩ گومانلێکراوی دیکە دەرکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای وەرگرتنی ڕاپۆرت و زانیاری ورد لەو شایەتحاڵانەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دیمەنەکانی "پارە ژماردن" لە جەهەپەدا ئیفادەیان لێ وەرگیراوە، باسیان لەوە کردووە کە "سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ ئیمامئۆغڵو و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە زۆریان لە بازرگانان کردووە پارە بدەن، هەروەها سووکایەتیان بە ژمارەیەک بازرگان کردووە و بەناڕەوا قازانجیان دەستکەوتووە، لە ڕێگەی کەسانی داردەستیانەوە کڕین و فرۆشتنیان ئەنجامداوە و کەسانی مەدەنییان بەکارهێناوە کە بە "قاسەی نهێنیی" ناودەبرێن بۆ گواستنەوە و کۆکردنەوەی ئەو پارەیەی دەستیانکەوتووە، بۆیە دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئیمامئۆغڵو سەردەستەی ڕێکخراوێکی تاوانکارییە لەگەڵ چەند کەسێکی سەربەخۆی لە سەرۆکایەتی شارەوانی کردووە، کاتێک بووەتە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ ئەو کەسانەی هێناوەتە ناو یەکەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵەوە و، ئەو گومانلێکراوانەش بە ئامانجی درێژەدان بە ڕێکخراوە تاوانکارییەکە ژێرخانی خۆیان پێکهێناوە و، لە زۆرێک لە کارەکانی شارەوانیدا لە ڕێگەی تەندەرەوە تاوانی "ساختەکردنی تەندەر"، "فریودان"، " بەدەستهێنانی زانیاری کەسی بە نایاسایی"، "بەرتیلدان" و "بەرتیل وەرگرتن"یان ئەنجامداو.
خوێندنەوەی بڕیارەکان لەلایەن دادوەرەوە بەردەوامە و کەمێکی دیکە، دادوەر لەسەر دۆسیەی "تیرۆر"یش بڕیاری خۆی ئاشکرا دەکات.
نوێدەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆتایی هەفتەی رابردوو، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئیمامئۆغڵو و ٩٩ گومانلێکراوی دیکەی بە تۆمەتی "گەندەڵی، بەرتیلدان و تیرۆر" دەرکرد.
ئیمامئۆغڵو لەگەڵ حەوت کەسی دیکە، لەنێویاندا ماهیر پۆڵات، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵ و رەسوول ئیمرە شاهان، سەرۆکی شارەوانیی شیشلیی ئیستەنبووڵ بە "هاوکاریکردنی پەکەکە" تۆمەتبار دەکرێن.