دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر هەر وڵاتێکدا کرد کە نەوت لە ڤەنزوێلا بکڕێت، نرخی نەوت چەند سەنتێک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٧٣ دۆلار و ١ سهنتە، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٢ دۆلار و ٣٧ سەنت بوو.
هاوکات هەر ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا بە ٦٩ دۆلار و ١٢ سەنتە، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٦٩ دۆلار و ١١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا.
دوێنێ نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە بەڕێژەی زیاتر لە ١% بەرزبووەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بەڕێژەی ٢٥٪ باج بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت کە نەوتی ڤەنزوێلا دەکڕن و هاوردەی دەکەن.
هاوکات پێدەچێت ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی لە نێویاندا ڕوسیا، پابەندبن بە پلانەکەی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دووەم مانگ لەسەریەک لە مانگی ئایاردا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نرخی نەوت جێگیرە و پلانی هەیە هەندێک لە ئەندامان ناچار بکات بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادە بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕابردوودا.
هەروەها وەبەرهێنەران چاودێری دانوستانەکان دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا بۆ بازاڕە جیهانییەکان.