لە غەزە دژی حەماس دەست بە خۆپیشاندان کرا
لە غەزەی وێرانکراوی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەست بەخۆپیشاندان کرا دژی بزووتنەوەی حەماس و چەکدارەکانی.
لە دیمەنێکی نوێدا لە نێوان خانووە رووخاوەکانی کەرتی غەزەدا لە فەلەستین خۆپیشاندان دژی بزووتنەوەی حەماس سازکراو، خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد" بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە .. حەماس بۆ دەرەوە ".
زۆربەی ئەو کەسانەی بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد کەسانی گەنج بوون و ئاڵای فەلەستین کە بزووتنەوەی فەتح نوێنەرایەتی دەکات بەرزکرابووە.
ئەو خۆپیشاندانە لە کاتێکدایە کە رای گشتی جیهان لەگەڵ ئەوەدایە کە چیتر بزووتنەوەی حەماس حوکـڕانی کەرتی غەزە نەکات.
لە شەڕی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کە سەرەتا حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل ١٢٠٠ کەس کوژران و ٢٥٣ کەسیش وەک دیل گیران.
هەرچی فەلەستینییەکانە ٥٠ هەزار کەسی لێکوژراو ١٢٣ هەزار بریندار هەیە، لە ٣١% کوژراوەکان مناڵن.
لایەنی سەرکەوتوو لە شەڕەکەدا ئیسرائیلە، بەڵام لەسەر ئەو تاوانانەی نەتنیاهۆی سەرۆک وەزیران ئەنجامی داون دادگای نێودەوڵەتی جیهانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو و وەزیری بەرگری پێشووی، یۆئاڤ گالانت دەرکرد، بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر کەرتی غەزە.
PM:11:39:26/03/2025